ئەنجومەنی ئابوریی عیراق چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی دەروازە سنورییەکان دەرکرد.

ئەنجومەنی وزاریی بۆ ئابوریی عیراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بە ئامانجی رێکخستنی کاروباری دەروازە سنورییەکان و یەکخستنی رێکارە گومرگی و باجییەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد، بە مەبەستی زیادکردنی داهات و سنوردارکردنی دەروازە نایاساییەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی  ئابوریی عیراق، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، و بە ئامادەبوونی وەزیرانی بازرگانی، پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت، پارێزگاری بانکی ناوەندی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، و چەندین لێپرسراوی باڵای تر بەڕێوەچوو.

هەروەها وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی هەرێم و لێپرسراوانی دارایی و گومرگی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

بەپێی راگەیەنراوەکە، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی دەروازەکان بە سەرۆکایەتی دەستەی دەروازە سنورییە فیدراڵییەکان پێکدەهێندرێت، بۆ پشکنینی هێڵی سنوری و دەروازە نایاساییەکان، ئەو دەروازانەی مەرجە یاسایی و تەکنیکییەکانیان تێدایە دەکرێنە رەسمی، و ئەوانەشی مەرجەکانیان تێدا نییە، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری فیدراڵییەوە دادەخرێن.

وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم، یاداشتێکی یەکگرتوو بۆ لێخۆشبوون و ئاسانکارییە گومرگییەکان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێت و لە سەرجەم دەروازەکان جێبەجێ بکرێت.

ئەنجومەنەکە بڕیاریدا پێشنیازی هاوبەش بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی یەکخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکان.

کۆبوونەوەکە هەروەها تاوتوێی ئەنجامی کارەکانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و ئاستی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا - ASYCUDA" و ئەو ئاستەنگە تەکنیکی و کارگێڕییانەی رووبەڕووی پڕۆژەکە دەبنەوە، کرد.

ئەنجومەنی ئابوری جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چاکسازیی ئابوری و کارگێڕی، پەرەپێدانی دەروازەکان، و بەرزکردنەوەی شەفافییەت و کارایی کۆکردنەوەی داهاتەکاندایە.