ئەنجومەنی ئابوری عیراق بڕیاردا لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ رێكخستنی دەروازە سنورییەكان
لاڤە
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەبارەی داهاتی نانەوتی و ئەسیكۆدا رێكنەكەوتن و تەنها بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش درا، سەبارەت بە دەروازە سنورییەكان.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی هەرێم و وەفدی یاوەری لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بە ئامادەبوونی خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە بەغداد كۆبوونەوە و تێیدا حكومەتی عیراق داوای كردووە مانگانە 120 ملیار دینار وەك داهاتی نانەوتی رەوانە بكرێت و وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندووە، ئەو بڕە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری لەسەر داوە و گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.
لەسەر دۆسیەی سیستمی ئەسیكۆداش، وەفدی هەرێم داوای كردووە داهاتی گومرگی لە نێوانیان دابەشبكرێت، بەڵام رەتكراوەتەوە.
هاوكات ئەنجومەنی ئابوری عیراق بڵاویكردەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی هەرێم و عیراق، بۆ ئەنجامدانی روپێویی بۆ دەروازە سنورییەكان و خاڵە ناڕەسمییەكان، دواتر راپۆرتێك لەبارەی رەوشی ئەو دەروازانە پێشكەش بە ئەنجومەنەكە بكەن و هاوكات پێشنیازی هاوبەش ئاراستەی ئەنجومەنەكە بكەن سەبارەت بە میكانیزمی كۆكردنەوەی داهات لەو دەروازە سنورییانەی دەكەونە هەرێمی كوردستان.

