وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ یەكشەممە، پێكهێنانی لێژنەیەكی باڵای هاوبەشی پشتڕاستكردەوە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی توركی سەبارەت بە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەیەكی نوێ بۆ رێكخستنی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە رێگەی خاكی توركیاوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی رێككەوتننامەی ئێستا.

سەلیم ریكابی، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی نەوتی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: حكومەتی عیراق لێژنەیەكی باڵای پێكهێناوە كە نوێنەرانی وەزارەتەكانی نەوت، دەرەوە، دارایی و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت، بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنی توركی سەبارەت بە داڕشتنی رێككەوتننامەیەكی نوێ لە جیاتی رێككەوتننامەی ئێستا، بە مەبەستی رێكخستنی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خاو بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئاماژەی بەوەش كرد: لێژنەكە كار دەكات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی روون كە بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە رێگەی بۆری عیراق-توركیاوە لەخۆبگرێت، بە شێوەیەك كە سەقامگیری رەوتی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەكانی جیهان بپارێزێت.

ریكابی رونیكردەوە: نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی رێككەوتننامەی ئێستا كە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی عیراق لە رێگەی خاكی توركیاوە رێكدەخات، پێویستی بە خێراكردنی ریتمی گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە، بۆ دەستەبەركردنی رودانی هەر وەستان یان پەکكەوتنێک لە پرۆسەكانی هەناردەكردند.

هەروەها رایگەیاند: دۆسیەی رێككەوتننامە نوێیەكە یەكێكە لە دۆسیە ستراتیژییەكان كە لەلایەن حكومەتەوە ئەولەویەتێكی باڵای پێدراوە.