کۆمپانیای سۆمۆ، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە 4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا زیادی کردووە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی دەروازەی باشوورەوە لە کاتی قەیرانی هورموزدا گەیشتووەتە 444 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاند: کۆمپانیاکە وەک قۆڵی بازرگانیی وەزارەتی نەوت، رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت لە هەناردەکردنی نەوتی خاو و هەمەجۆرکردنی دەروازە و بازاڕەکانی فرۆشتندا، ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەرەڕای تەحەددییە هەرێمایەتییەکان، کارەکان بۆ دابینکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و بەهێزکردنی توانای بەبازاڕکردنی نەوتی خاو بەردەوامن.

رونیشی کردەوە کە دەروازەکانی هەناردەکردن فاکتەری یەکەم و گرنگترینن لە پرۆسەکانی بەبازاڕکردندا، و هیچ نەوتێکی خاوی زیادە نییە کە شیاوی هەناردەکردن نەبێت، بەڵکو پرۆسەکانی هەناردەکردن بەپێی پێویستی و بارودۆخی بەردەست بەڕێوە دەچن.

ئاماژەی بەوەش کرد کە عیراق توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە بەبازاڕکردنی هەندێک بەرهەمی نەوتیدا کە داهاتەکانیان لە ئاستی پێش قەیرانی گەروی هورموز تێپەڕیوە، لەوانەش هەناردەکردن لە رێگەی سوریا و ئوردنەوە، جگە لە هەناردەکردنی گۆگرد کە پێشتر هەناردە نەدەکرا.

سەبارەت بە هەناردەی باکور، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ رایگەیاند: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی بڕی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری و تانکەرەکانەوە، بەو پێیەی بڕی نەوتی بەرهەمێنراوی کەرکوک لە باکور لە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 7ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا زیادی کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە کردنەوەی گەروی هورموز رێگە خۆش دەکات بۆ پەیوەندیکردن بەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بۆ بارکردنی نەوتی خاو، پێشبینیشی کرد کە بارودۆخەکە باشتر بێت لەگەڵ گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی بۆ داپۆشینی تانکەرەکان لە ناوچەی کەنداو، ئەمەش بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو داشکاندنە نرخیانەی کە پێشتر بۆ داپۆشینی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی دیاری دەکران.

عەلی نزار جەختی کردەوە کە سیاسەتی سۆمۆ پشت بە کراوەیی بەسەر سەرجەم بازاڕەکانی جیهاندا دەبەستێت و تەنها پشت بە یەک بازاڕ نابەستێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی سوریا هەیە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، کە هۆکار دەبێت بۆ دروستکردنی هێڵێکی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەو رێگەیەوە.

لە کۆتاییدا رونی کردەوە کە پەرەپێدانی پێکهاتەی بازرگانیی کۆمپانیاکە پێویستی بە فرەوانخوازی هەیە لە بازاڕە ئاسیاییەکانی وەک چین، کۆریا و سەنگاپوورە، وێڕای بەهێزکردنی ئامادەیی لە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا، کە ئەمەش پلانێکی ستراتیژییە و کۆمپانیاکە کتوپڕی و کارامەیی پێویستی هەیە بۆ بەدیهێنانی.