وەزارەتی دارایی عیراق دابەشكردنی موچەی مانگی شەشی دەستپێكرد و بەبریاری فالح ساری پێدانی سەرەموچە و پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە.

ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عیراق داوای لە سەرجەم وەزارەت و بەرێوەبەراییەتییەكان كرد رێكارە داراییەكان بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی مانگی شەش بگرنەبەر.

هەر ئەمرۆ فالح ساری وەزیری دارایی عیراق موژدەیەكی خۆشی بۆ فەرمانبەرانی عیراق راگەیاند و دەستپێكردنەوەی سەرەموچە و پلەبەرزكردنەوەی راگەیاند.

لەبارەی ئەوەی ئەم بریارە ئایا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە یان نا،  عەبدولقادر ساڵح یاساناس دەڵێت، ئەو بریارە دووبەشە، بابەتی پلەبەرزكردنەوە لەلایەن هەرێمەوە راگیراوە و پێویستە ئەوە هەرێم لە بودجەی داهاتوودا جێگەی بكاتەوە چونكە خەرجییەكی زۆری دەبێت لەبەرئەوە ئاساننابێت، بەڵام بۆ دەستپێكردنەوەی سەرەموچە، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو لەلایەن عیراقەوە راگیراوە دەبێت ئەمەیان فەرمانبەرانی هەرێمیش بگرێتەوە.

هاوكات بۆ دەستپێكدنەوەی پلەبەرزكردنەوە، لە ئێستادا پەرلەمانتارە كوردەكان لە هەوڵی گێرانەوەی ئەو مافەدان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم كە ساڵانێكە راگیراوە و بێبەشبوون لێی.