بە مەبەستی رێکخستن و ئامادەکاری بۆ نزیکبوونەوەی پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ  ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سەیدسادق راگەیەندراوێکی  بڵاوکردەوە و تێیدا چەند رونکردنەوە و ئاگادارییەکی گرنگی ئاڕاستەی سەرجەم جوتیارانی سنورەکە کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پرۆسەی نۆرەگرتنی ئەمساڵ بە تەواوی دەبێتە ئەلکترۆنی و پێویستە جوتیاران پێشوەختە لە رێگەی ئەو لینکەی لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن، هەروەها جەختکراوەتەوە کە پابەندبوون بەو ریکەوتەی دیاری دەکرێت مەرجێکی سەرەکییە و بە پێچەوانەوە مافی جوتیارەکە دەفەوتێت.

سایلۆی سەیدسادق چەند مەرجێکێکیشی بۆ ئەو بارهەڵگر و تراکتۆرانە داناوە، کە گەنمەکە دەگوازنەوە بە جۆرێک کە نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر پلێتی زیادەی لە بۆدییەکەیدا دابێت یان بەرزی کردبێتەوە، لە حاڵەتی لەوشێوەیەدا گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت.

هەروەها  پێویستە سەرجەم بارهەڵگرەکان پلێتی ژمارەیان پێوە بێت بۆ ئەوەی رێگەی چوونەژوورەوەیان پێبدرێت و مەرجیشە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان خۆیان بارەکانیان هەڵڕێژن.