دووەمین کۆڕبەندی ئابوریی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی دەستپێدەکات
ساکۆ, سام
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ شەممە، دووەمین کۆڕبەندی ئابوریى نێودەوڵەتیی دێڵفی لە سلێمانی دەسیپێدەکات و سبەینێش بەردەوام دەبێت، کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان بەشداری کۆڕبەندەکە دەبن.
بۆ جاری دووەم و بەچاودێریی قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی ئەمڕۆ و سبەینێ، لە هۆڵى فاوندەیشن لەکارگەى کلتورى لە سلێمانی دەبەسترێت.
کۆڕبەندەکەی ئەمساڵ کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان کۆدەکاتەوە و لەگەڵ لێپرسراوانی وڵاتانی خاوەن ئابورى بەهێزی جیهان بۆ دیالۆگ کردن لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی پڕ گۆڕانکارى جیۆپۆلیتیکیدا تێپەڕدەبێت، تێیدا بەشداردەبن.
لە میانەی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی (یۆنان، تورکیا، بولگاریا، رۆمانیا، جۆرجیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و فەرەنسا) گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی و وزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.
لەکاتێکدا جیهان لە سەروبەندی دووبارە بوژاندنەوەدایە بەتایبەت لەدواى کێشمەکێشەکانی جیهان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى، پەرۆشیی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت لە پشتیوانیی ئەنجامدانی گفتوگۆى بنیاتنەرانە و توندکردنەوەى پەیوەندییە ستراتیژیەکانی نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و داڕشتنەوەى سیاسەتە ئابورییەکان.
لە ئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى وزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لە رەوشی دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.







