نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا بەرزبووەوە
سەوسەن سەید
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
نرخی گازی سروشتی لە ئەورووپا بەرزبووەوە و بەرەو تۆمارکردنی دەستکەوتی هەفتانە دەڕوات، ئەمەش لە ژێر تیشکی بەردەوامیی بنبەست و رێکنەکەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی "بلۆمبێرگ" بڵاویکردەوە، گازی سروشتی ئەوروپا لە هەینی رابردووەوە بە رێژەی نزیکەی 7٪ بەرزبوونەتەوە، لە کاتێکدا نرخەکان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تۆمارکرد.
ئەم بەرزبوونەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی داتایەک دێت کە دەریخستووە کۆگاکانی گازی ئەورووپا لەوەی چاوەڕوان دەکرا زیاتر کەمیان کردووە، لە کاتێکدا رێژەی پڕبوونی دامەزراوەکانی کۆگاکردن لە کیشوەرەکەدا لە 41٪ تێپەڕ ناکات، ئەمەش مەترسییەکان لەسەر توانای ئەورووپا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر دەکات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامیی داخرانی گەروی هورمز یان رووبەڕووبوونەوەی جووڵەی دەریاوانی تێیدا بۆ هەر پشێوییەک، رەنگە ببێتە هۆی توندبوونی ململانێی نێوان ئەورووپا و ئاسیا لەسەر بارە گواستراوەکانی گازی سروشتی شل (LNG) لە رێگەی دەریاوە لە وەرزی هاویندا، ئەمەش وا دەکات نرخەکان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر پاڵ پێوە بنێت.
بازاڕەکان لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی مەلەفی ئێران و دانوستانەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن، بەهۆی ئەو کاریگەرییە راستەوخۆیەی کە لەسەر رەوتی وزەی جیهانی و سەقامگیری بازاڕەکانی گاز هەیەتی.


