ئۆپێک: بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوەکە بۆ نزمترین ئاستی 35 ساڵی رابردوو دابەزی
سەوسەن سەید
١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، ئەمڕۆ شەممە، ئاشکرای کرد کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە نێو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکەدا، بەهۆی لێکەوتەکانی داخرانی گەروی هورمز و پەرەسەندنی گرژییە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەوە، بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا دابەزیوە.
لە راپۆرتەکەدا، هاتووە: بەهۆی پەککەوتنی پرۆسەی هەناردەکردن و جووڵەی کەشتیوانیی نەوت لە رێگەی گەروەکەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بە رێژەی 42٪ پاشەکشەی کردووە، کە ئەمەش نزمترین ئاستی تۆمارکراوی ئەو وڵاتەیە لە دوای ساڵی 1990وە.
هاوکات وڵاتی کوێتیش نزیکەی 75٪ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەستداوە.
راپۆرتەکەی ئۆپێک ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم قەیرانە قورسە هاوکات بووە لەگەڵ گورزێکی نوێ بۆ سەر رێکخراوەکە کە ئەویش بڕیاری کشانەوەی دەوڵەتی ئیمارات بوو لە ئۆپێک، هەنگاوێک کە نیگەرانییەکی بەربڵاوی لەسەر ئاستی جیهان سەبارەت بە یەکڕیزیی هاوپەیمانێتییە نەوتییەکە و توانای بەڕێوەبردنی بازاڕ لە قۆناغی داهاتوودا دروست کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت ناجێگیری و هەڵبەز و دابەزی توند لە نرخەکانی نەوتدا لەسەر ئاستی جیهان بەردەوام بێت.



