کۆشکی سپی: شی جین بینگ ئارەزووی کڕینی نەوتی زیاتری لە ئەمریکا نیشانداوە
سەوسەن سەید
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
بەرپرسانی ئەمریکا ئەگەری ئەوەیان وروژاند کە چین نەوتی زیاتری ئەمریکی بکڕێت، ئەمەش دوای گفتوگۆکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جین بینگ، سەرۆکانی هەردوو وڵات کە پێنجشەممە لە پەکین بەڕێوەچوو.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوانیان بڵاوکرایەوە و زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند، رایگەیاند کە "شی جین بینگ" ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ کڕینی نەوتی زیاتری ئەمریکی، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی وڵاتەکەی بە گەروی هورمز.
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، "سکۆت بێسێنت" وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە تۆڕی "CNBC"ی راگەیاند کە هەردوو سەرۆک پرسی کڕینی وزەی زیاتریان لەلایەن پەکینەوە تاوتوێ کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرهەمهێنانی نەوتی "ئالاسکا" بژاردەیەکی سروشتی دەبێت بۆ چین.
لە لایەکی ترەوە، لە هیچکام لەو کورتە هەواڵانەی کە میدیا رەسییەکانی چین دەربارەی کۆبوونەوەکە بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژە بە کڕینی نەوت نەکراوە، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکان بۆ لێدوان لەمبارەیەوە نەداوەتەوە.



