روسیا مانەوەی خۆی لە ئۆپیک پڵەس دووپات دەکاتەوە
سەوسەن سەید
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦
کۆشکی کرملن رایگەیاند کە روسیا بە هیچ شێوەیەک پلانی نییە لە هاوپەیمانی "ئۆپیک پڵەس" بکشێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیمارات بڕیاری دا لەو رێکخراوە بچێتە دەرەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە هاوپەیمانێتییەکە و پێی وایە ئەم چوارچێوەیە گرنگە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوتدا.
پێسکۆڤ بە کورتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باسیان لە کشانەوەی روسیا دەکرد و وتی: نەخێر، بیر لە کارێکی وا ناکەینەوە.
سەبارەت بە کشانەوەی ئیمارات کە بڕیارە لە یەکی ئایارەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێسکۆڤ وتی: "ئێمە رێز لە بڕیاری سەروەریی ئیمارات دەگرین، ئیمارات دەیەوێت بەم هەنگاوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی زیاد بکات بەبێ ئەوەی پابەندی ئەو بڕە دیاریکراوانە بێت کە ئۆپیک پڵەس بۆی دیاری کردووە.
پسپۆڕانی وزە پێیان وایە مانەوەی روسیا لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا، دوای کشانەوەی کتوپڕی ئیمارات، هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە هەرەسھێنانی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.



