ئیمارات کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی "ئۆپیک" و "ئۆپیک پڵەس" راگەیاند
سەوسەن سەید
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
وڵاتی ئیمارات، ئەمڕۆ سێشەممە، کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و هاوپەیمانی (ئۆپیک پڵەس) راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام)، لە بەیاننامەیەکدا، بڵاویکردەوە: دەوڵەتی ئیمارات بڕیاری خۆی بۆ چوونە دەرەوە لە رێکخراوی (ئۆپیک) و (ئۆپیک پڵەس) راگەیاند"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "بڕیارەکە لە رێکەوتی 1ی ئایاری 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە "ئەم بڕیارە لەگەڵ دیدگای ستراتیژی و ئابووری درێژخایەنی دەوڵەتی ئیمارات و پەرەسەندنی کەرتی وزە لە وڵاتەکەدا دەگونجێت، لەوانەش خێراکردنی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وزەدا.
هەروەها جەختکردنەوەیە لە پابەندبوونی ئیمارات بە رۆڵی خۆی وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرسیار و جێگەی متمانە کە پێشبینی ئاییندەی بازاڕەکانی وزەی جیهان دەکات".
هەروەها روونکراوەتەوە کە "ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئیمارات و تواناکانی ئێستا و داهاتووی هاتووە، و لەبەرژەوەندی نیشتمانی و پابەندبوونی دەوڵەتە بۆ بەشدارییەکی کارا لە دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی بازاڕ، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناجێگیرییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە کورتخایەندا بەردەوامن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمز کە کاریگەرییان لەسەر جوڵەی خستنەڕوو هەیە".
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئاراستە سەرەکییەکان نیشانی دەدەن کە خواست لەسەر وزە لەسەر ئاستی جیهان لە مەودای ناوەند و درێژخایەندا بەردەوام لە گەشەکردندا دەبێت.



