ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئازاری رابردوودا 175 مامەڵەی دارایی ئەنجامداوە، کە تێیدا بڕی 51 ملیۆن دۆلار تاوەکو 161 ملیۆن دۆلاری لە کڕینی قەواڵە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان کردووە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن نوسینگەی رەوشتی حکومەتی ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، زۆربەی ئەو سەرمایەیەی ئاشکرا کراوە بریتین لە قەواڵەی شارەوانییەکان، کە لەلایەن ویلایەتەکان، شارستانەکان و ناوەندە پەروەردەییەکانەوە دەرچوون، لەگەڵ قەواڵەکانی خەزێنەی ئەمریکا، کە قەبارەی گەورەترین مامەڵەکانی لە نێوان یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دۆلاردا بووە.

لە پاڵ قەواڵە حکومییەکاندا، ترەمپ پشکی لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا، وزە، تەندروستی و خزمەتگوزارییە داراییەکان کڕیوە.

هەرچەندە بەڵگەنامەکان نرخە وردەکان دیاری ناکەن و تەنها ئاماژە بە مەودای نرخەکان دەدەن، بەڵام ئەم جووڵە داراییانە نیشاندەری بایەخی زۆری ترەمپە بە وەبەرهێنان لە قەواڵە جێگیرەکان و کەرتی تەکنەلۆژیای پێشەنگ.

نوسینگەی رەوشتی ئەمریکا وتویەتی؛ دۆناڵد ترەمپ پشکی کۆمپانیاکانی وەک (Weyerhaeuser) و (General Motors) و وەبەرهێنان لە سندوقێکی گەشەپێدەری قەواڵە جیهانییەکان کریوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هەوڵانەی سەرۆکی ئەمریکا نیشانەی ستراتیژییەتی ئەو بۆ دابەشکردنی سەرمایەکەیەتی لە نێوان کەرتی حکومی و بازاڕە جیهانییەکاندا.

بۆند یاخود قەواڵە، مەبەست لێی قەرزدانە بە حکومەتە خۆجێییەکان بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دواتر وەرگرتنەوەی، کاتێک زیادەی دەچێتە سەر و  بە سەلامەتترین جۆری وەبەرهێنان لە جیهاندا دادەنرێت و گەڕانەوەی پارەکە گەرەنتییە.