ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق کۆبووەتەوە و باس لەوەکراوە: هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە.

د. بڕیاڕ رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندووە: هاوردەی دۆلار بۆ عیراق رانەگیراوە، هەنگاوەکانمان بۆ کردنەوەی بانکێکی تایبەت بەپارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان لە عیراق بەردەوامە و بە یاوەری عەلی عومەر، نوێنەری سلێمانی لە ئەنجومەنی باڵای گەنجانی عیراق، لەگەڵ د. عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبووینەوە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەداوە: ‏لە دیدارەکەدا جەختمان کردەوە لەسەر خێراکردنی رێکارەکانی چالاککردنی دەستپێشخەری (ڕیادە) لە کوردستان بە مەبەستی پێدانی قەرز بە گەنجانی خاوەن کار، کە پێشوتر رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عیراقی بۆ وەرگیرا، وەک هەمیشە پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵە دەبین بۆ رەخساندنی هەلی کار و پشتگیریکردنی گەنجان و هاوکات داومانکرد لەگەڵ کردنەوەی بانکی پێشەنگی کە بانکێکی تایبەتی عیراقە بۆ پارەدارکردنی پرۆژەی گەنجان، گەنجانی کوردستانیش سودمەند بن لە خزمەتگوزاریەکانی.

د. بڕیار رەشید دەشڵێت: دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەدەغەکردنی دۆلار دەکەن، پارێزگاری بانکی ناوەندی دڵنیایی دا کە هاوردەکردنی دۆلار بۆ عیراق بەبێ هیچ ئاستەنگێک و بە هەمان رێژەی پێشوو بەردەوامە و هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کەباس لەڕێگری بەردەم دۆلار دەکرێت.