مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە پڕۆسەی تەمویلکردنی بازرگانیی دەرەکی بە دۆلار بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی هاتنی دۆلار لە ئەمریکاوە دەکەن، تەنها پەیوەندییان بە بەشێکی زۆر کەمی پێداویستییەکانەوە هەیە.

ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) رونی کردەوە: ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەستانی دۆلار دەکەن، تەنها تایبەتە بە نەختینەی گەشتیاران (کاش) کە تەنها 5٪ ی کۆی خواستی سەر دۆلار پێکدەهێنێت، ئەوەش بەهۆی کێشەی لۆجستی و داخرانی فڕۆکەخانەکان و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە کە لە ناوچەکەدا روویداوە.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە 95٪ ی خواستی سەر دۆلار کە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە، بەبێ پچڕان لە رێگەی حەواڵەی بانکییەوە بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشتیاران دەتوانن لەبری دۆلاری نەختینە، کارتە ئەلیکترۆنییەکانی پارەدان بەکاربهێنن کە بەدیلێکی مۆدێرن و ئاسانە.