ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا نرخی نەوت روی لە دابەزین کرد، ئەم دابەزینە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نرخی خاوی برێنت بە 94.53 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نەوتی خاوی تەکساسیش دابەزینی تۆمارکرد و بە 88.07 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە هەردوو جۆرەکەی خاو بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ خاوی برێنت 5.6٪ و خاوی تەکساس 6.9٪ بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران جارێکی تر گەرووی هورمزی داخستەوە.