ئەمریكا لێخۆشبوونی لە سزاكانی سەر نەوتی روسیا بۆ ماوەی مانگێك درێژكردەوە و بەوەش روسیا دەتوانێت لەو ماوەیەدا 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لێخۆشبوونێكی نوێی بۆ نەوتی روسیا دەركرد كە رێگە دەدات بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانی روسیا بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك و تا 16 مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

راوێژكاری سەرۆكی روسیاش رایگەیاند، درێژكردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاكانی سەر نەوتی روسیا بۆ ماوەی مانگێك زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرێتەوە كە ئێستا لە ناو كەشتییە نەوتهەڵگرەكاندان، دەشڵێت، واشنتۆن و وڵاتانی تر درك بە رۆڵی سەرەكی و بنەڕەتیی نەوت و غازی روسیا دەكەن لە سەقامگیركردنی ئابوری جیهاندا.

پێشتریش سكۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، هیچ پلانێك نییە بۆ درێژكردنەوەی لێخۆشبوونی سزاكانی سەر نەوتی روسیا.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا ئەمریكا بڕیاریدا بە سوككردنی سزاكانی سەر نەوتی روسیا تا 11ی ئەم مانگە، بڕیارەكەش ئەو مامەڵانە ناگرێتەوە كە ئێران، كوبا و كۆریای باكووری تێدا بەشدارن.