دارایی هەرێم: دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکیمان
ساکۆ
٩ی ئازاری ٢٠٢٦
دارایی هەرێم لەبارەی دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی دووەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە بڕی پارەی نێردراو و بڕی نەنێردراوی مانگەکانی رابردوو و ئەم مانگەش دەکات.
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕی 295 ملیار و 405 ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم، خرایە سەر هەژمار بانکییان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی رێککارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
هاوکات، وەزارەتەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن کە شایستەی دارایی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە، رەوانەنەکردووە.


