ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەمیی خۆراک و کاڵا سەرەکییەکان لە بازاڕەکانی پارێزگاکەدا نییە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی دڵەڕاوکێی بارودۆخە سەربازییەکە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەرجەم جۆرەکانی خواردەمەنی و پێداویستییە رۆژانەکان لە کۆگا و مارکێتەکاندا بە بڕێکی زۆر بەردەستن و بازرگانانی سلێمانی پێشوەختە و بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز، بڕێکی یەکجار زۆر لە کاڵا و خواردەمەنییان هاوردە کردووە و ئامادەکاریی تەواویان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دابینکردنی خۆراک تەنها پشتی بە دەروازە سنوورییەکانی ئێران نەبەستووە، بەڵکو لە رێگەی "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و مینای ئومقەسر"ـەوە شمەک و کاڵا هاوردە دەکرێت، سلێمانی وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ پارێزگاکانی تری عێراق دەمێنێتەوە و ئەو رۆڵەشی بەهێزتر دەبێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، هیچ جۆرە گرفتێک لە دابینکردنی پێداویستییەکاندا نییە و هاووڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کە بارودۆخی بازاڕ جێگیرە.

جێی ئاماژەیە، راگەیەنراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کاتێکدایە، کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ترس لە گرانبوونی کاڵا و کەمبوونەوەی خۆراک لە ناوچەکەدا دروستبووە.