سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕۆسەی تەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و رێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو رێکارە ئیدارییەکان بۆ خەرجکردنی پارەکە کۆتاییان هاتووە و لە ئێستادا دۆسیەکە لە بەشی خەرجکردندایە. راشیگەیاند کە پڕۆسەکە بە شێوەیەکی رەسمی و بەپێی ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان هەولێر و بەغداد هەن، بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی عیراق بۆ کوردسات نیوز، بڕیار وایە ئەمڕۆ یان سبەینێ سێشەممە، تەواوی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران بکرێت.