ئێران: لەم ساڵدا هەناردەی شمەک و کەلوپەل لە مەرزی باشماخەوە زیاترە لە ملیۆنێک تۆن
بڵند
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای کوردستان لە ئێران رایگەیاند، لەمساڵدا قەبارەی هەناردەی نانەوتیی پارێزگاکە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 270 هەزار تۆن بۆ هەرێمی کوردستان، کە بەهاکەی بە زیاتر لە 640 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی میهری ئێران لەسەر زاری فەرامەرز ئومێدی، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای کوردستان بڵاویکردوەتەوە، لە رێگەی سنورەکانی پارێزگاکەوە هاوردەی کاڵا و شمەک گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 270 هەزار تۆن، کە بەهاکەی بە 643 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ناوبرا بە ئاژانسی میهری راگەیاندوە، لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا 217 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 650 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئەو پارێزگایەوە هاوردە کراوە بۆ ئێران.
شایانی باسە دەروازەی سنوریی باشماخ کە لە نێوان قەزای پێنجوێن و شاری مەریواندایە یەکێکە لە گرنگترین سنورە وشکانییە رەسمییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و زۆربەی ئاڵگۆڕی بازرگانییەکان لەو دەروازەیەوە ئەنجامدراوە.



