ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دەبێت عیراق موچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی رابردوو بنێرێت
سام
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بۆ ساڵی داهاتوو، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، لە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەپێی رێژەی 14% دەستنیشان بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوی رەسمئ حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی رەوشی دارایيی ساڵی 2025 کراوە و بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایيی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی موچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ کرا.
ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو موچەی مانگی 11 و 12ـی ساڵی 2025 و موچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە موچە مافی یاسایی وشایستەی موچەخۆرانی هەرێمە و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی موچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، رێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و رۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە".
ئەنجومەنی وەزیران داواشدەکات، بۆ ساڵی دارایيی داهاتوودەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایيی فيدراڵ پابەند بکرێت کە بەشەبودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووری و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێريی عیراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14 ٪ ـیە و دەبێ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕێژەیە دەستنیشان بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 کراوە.



