مۆبایل و لاپتۆپ گران دەبن؛ شەپۆلێکی گرانی روو لە عیراق دەکات
راهۆز
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی شەڕی "چیپە ئەلیكترۆنییەكان" و هەڵكشانی داواكاری لەسەر تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد، نرخی مۆبایل و لاپتۆپ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە بازاڕەكانی جیهان و عیراق بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوە.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی پێشكەوتنی خێرای زیرەكی دەستكرد و فراوانبوونی سەنتەرەكانی داتا، داواكاری لەسەر چیپ و میمۆرییە پێشكەوتووەكان بەرزبۆتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە توانای بەرهەمهێنانی جیهانی سنووردارە و بەشی پێداویستییەكان ناكات، ئەم دۆخە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و لە ئەنجامدا گرانبوونی نرخی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
چیپە ئەلیكترۆنییەكان چین و لە كوێ دروست دەكرێن؟
چیپە ئەلیكترۆنییەكان (Microchips) پارچەی زۆر بچووكی سیلیكۆنین كە ملیاران ترانزستەری وردیان لەسەرە و پرۆسەی چارەسەركردن و هەڵگرتنی زانیاری ئەنجام دەدەن. ئەمانە وەك "مێشكی شاراوە"ی ئامێرەكان، لە مۆبایل و كۆمپیوتەرەوە تا ئۆتۆمبێل و كەرەستەی سەربازی و پزیشكی كار دەكەن. پیشەسازیی ئەم چیپانە لە دەستی چەند وڵاتێكی كەمدا قۆرخكراوە، بەتایبەت تایوان، كۆریای باشوور و ئەمریكا.
زیرەكی دەستكرد.. بزوێنەری شەڕی چیپەكان:
شارەزایانی بوارەکە، تیشک دەخەنە سەر هۆکاری بابەتەکەو دەیگەڕێننەوە بۆ زیرەکی دەستکرد، پێیان وایە؛ داواكاریی زۆر لەسەر چیپە ئەلیكترۆنییەكان بەهۆی گەشەی زیرەكی دەستكردەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمهێنان و پێشبینی دەکەن نرخی كۆمپیوتەر و مۆبایلەكان بە لایەنی كەمەوە 20% بەرزببێتەوە.
ململانێی ئەمریكا و چین.. هۆكاری سەرەكی گرانییەكان:
لە پشت پەردەی ئەم گرانییە، ململانێیەكی توند لەنێوان ئەمریكا و چین هەیە. واشنتۆن سنوورداركردنی توندی خستووەتە سەر هەناردەكردنی چیپە پێشكەوتووەكان بۆ پەكین، لەبەرامبەردا چین هەوڵی دروستكردنی پیشەسازیی ناوخۆیی و كۆنترۆڵكردنی كانزا ستراتیژییەكان دەدات. ئەم ململانێیە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرزكردووەتەوە و كۆمپانیاكان ناچار دەكات باجەكەی لەسەر شانی بەكاربەر دابنێن.
كاریگەرییەكان لەسەر بازاڕی عیراق، ئایا عیراق رووبەرووی چی دەبێتەوە؟
بۆ وڵاتێكی وەك عیراق كە بە تەواوی پشت بە هاوردەكردن دەبەستێت، كاریگەرییەكان قورستر دەبن. جگە لە بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەكان، تێچووی گواستنەوە، باج و گۆڕانكاری لە نرخی دراویش هۆكاری دیكەن كە وادەكەن هاووڵاتیی عیراقی باجێكی قورستر بدات و لەوانەیە ناچار بێت ئامێرە كۆنەكانی بۆ ماوەیەكی درێژتر بەكاربهێنێت یان روو لە كڕینی ئامێری كواڵێتی نزمتر بكات.



