بولگاریا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 1-1-2026 ـەوە بە شێوەی رەسمی یۆرۆی وەك دراوی وڵاتەكەی بەكارهێنا و بوو بە 21مین وڵاتی بەكارهێنەری دراوی هاوبەشی ئەوروپا و ئەو رێكارەش هەم بووەتەهۆی دروستبوونی هیوایەك بە گەشەی ئابوری و هەمیش نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخەكان و ناسەقامگیری سیاسی. 

بە گوێرەی راپۆرتی فرانس پرێس, پەیوەستبوونی بولگاریا بە یۆرۆ لە كاتێكدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە لە مانگەكانی رابردوودا هەندێك كەمپین بە دروشمی راگرتنی لێڤ, دراوی نیشتمانی بولگاریا رێكخرابوون كە ئەو كەمپین و دروشمانە لە نیگەرانی گشتی دەربارەی گرانی و بێتمتمانەیی بەشێكی زۆری كۆمەڵگا بە یۆرۆ سەرچاوەی گرتووە. 

كابینە یەك لە دوای یەكەكان لە بولگاریا هەوڵیانداوە ئەو رێكارە جێبەجێ بكەن و لایەنگرانی بڕیارەكە دەڵێن، "یۆرۆ دەتوانێت ئابوری وڵات بەهێز بكات, پەیوەندییەكان لەگەڵ رۆژئاوا پتەوتر بكات و كاریگەری و رۆڵی روسیا كەم بكاتەوە". 

بولگاریا لە ساڵی 2007 ـەوە ئەندامی یەكێتی ئەوروپایە, لە ساڵی 2020 ـەوە لەگەڵ كرواتیا چوونە ژووری چاودێری یۆرۆوە. كرواتیا ساڵی 2023 یۆرۆی كرد بە دراوی وڵاتەكەی و ئێستاش سەرەی بولگاریایە.

 بەگوێرەی راپرسیەكی یۆرۆبارۆمەتر, نزیكەی 49%ی هاوڵاتیانی بولگاریا دژی پەیوەست بوونن بە یۆرۆوە و زۆربەیان بە تایبەتی لە گوندەكان و ناوچە هەژار نشینەكان نیگەرانی گرانبوونی نرخەكانن.

لە بەرامبەردا لایەنگرانی یۆرۆ دەڵێن، "سودەكانی ئەو بڕیارە بەرچاون". كریستین لاگارد سەرۆكی بانكی ناوەندی ئەوروپا, مانگی رابردوو لە سۆفیا وتی, پەیوەست بوون بە یۆرۆوە دەتوانێت ببێتە هۆی بازرگانی ئاسانتر و كەمبوونەوەی تێچووەكانی دابینكردنی دارایی و جێگیریی زۆرتری نرخەكان. 

جەختیش لەوە دەكاتەوە كە بەهۆی ئەم رێكارەوە كارگە بچووك و مامناوەندەكان ساڵانە نزیكەی 500 ملیۆن یۆرۆ لە تێچووەكانیان كەمدەبێتەوە بەو هۆیەی چیتر ناچار نین دراو بگۆڕنەوە. هەروەها چاوەڕێ دەكرێ كەرتی گەشتیاریش كە نزیكەی 8%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆی بولگاریا پێكدەهێنێت لەم گۆڕانكاریە سودمەند بێت.

لاگارد دڵنیاییشی دا لەوەی كاریگەری یۆرۆ لەسەر نرخی بەكاربەر سنوردار و كورت دەبێت.

بە پێی ئامارە رەسمییەكان نرخی خۆراك لەمانگی تشرینی دووەم بەراورد بە ساڵی رابردوو 5% بەرزبووەتەوە كە دوو هێندە زیاترە لە تێكڕای نرخی خۆراك لە ناوچەی یۆرۆ. 

ئابوریناسان دەڵێن، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی سودمەند ببن لە یۆرۆ پێویستیان بە سەقامگیری سیاسییە كە ئەویش لە بارودۆخی ئێستای بولگاریادا بووە بە ئاستەنگێكی گەورە.