بازاڕی جیهانی ئەلەمنیۆم لە ساڵی 2025دا یەكێك بو لە سەقامگیترین بازاڕەكان
زریان رەحمان
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بازاڕی جیهانی ئەلەمنیۆم لە ساڵی 2025دا یەكێك بو لە سەقامگیترین بازاڕەكان و لە هەمان كاتدا, ساڵێكی بەرهەمدار بوو بۆ ئەو كانزایە بەو پێیەی نرخەكەی لە بۆسەی كانزاكانی لەندەن و بازاڕەكانی دیكە بەهۆی ناهاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو و هەروەها گرنگیدان بە ئەلەمنیۆم لە پیشەسازی نوێ و پیشەسازی كەم كاربۆن بەردەوامی و بە نەرمی بەرزبووەتەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی خستنەڕووی ئەلەمنیۆم هەیە, لە ساڵی 2025دا چین كە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەلەمنیۆمی جیهانە, درێژەی بە سیاسەتەكانی پەیوەست بە ژینگە دا و رێگر بوو لەوەی بەرهەمهێنان بە خێرایی گەشە بكات. ئامانجیشی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزە و كۆنترۆڵكردنی بڵاوبوونەوەی كاربۆن بوو. هاوكات تێچووی بەرزی وزە, و سنورداربوونی بەرهەمهێنانی قاڵبی ئەلەمنیۆم لە هەندێك شوێنی جیهان بووە هۆی ئەوەی خستنەڕووی ئەلەمنیۆم كەمتربێت لەو ئاستەی پێشبینی دەكرا.
سەبارەت بە لایەنی خواست, لە ساڵی 2025دا بازاڕی ئەلەمنیۆم لەڕووی خواستەوە بەهێز بوو. بەرزبوونەوەی خواست لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل, بە تایبەتی ئۆتۆمبێلی كارەبایی, پەرەپێدانی ژێرخانەكانی وزەی خاوێن, پەرەپێدانی پرۆژەكانی گواستنەوە و هەروەها بەرزبوونەوەی بەكارهێنانی ئەلەمنیۆم لە پیشەسازی بیناسازی و پاكێجینگ, پاڵپشتیان لە خواستی جیهانی بۆ ئەلەمنیۆم دەكرد.
تایبەتمەندییەكانی ئەلەمنیۆم لەوانە كێشی كەم, توانی ریسایكلین و رۆڵی ئەلەمنیۆم لە باشتركردنی كارایی وزە, پێگەیەكی تایبەتی پێ داوە لە پیشەسازی وزەی خاوێندا و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ كانزاكە لە ماوەی ساڵی رابردوودا.
پێشبینییەكان بۆ ساڵی 2026, باس لەوە دەكەن كە لەم ساڵە نوێیەشدا, بە تایبەتی لە سێ مانگی سەرەتای ساڵدا بارودۆخی ئەلەمنیۆم هاوشێوەی ساڵی رابردوو باش دەبێت. درێژەكێشانی سنوورداركردنی بەرهەمهێنان لە لایەن چین و هەروەها سیاسەتەكانی ژینگەیی ئەوروپا, خستنەڕووی ئەلەمنیۆم سنووردار دەكات و نرخەكەی بە بەرزی دەهێڵێتەوە. لە هەمان كاتدا پێشبینی دەكرێت خواستی پیشەسازی جیهان بە تایبەت لە كەرتەكانی پەیوەست بە وزەی خاوێن و پیشەسازی پێشكەوتوو, لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە بەرزی بمێنێتەوە.
سەرەڕای ئەوەش ئەلەمنیۆم لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2026 هەندێك مەترسی لەسەرە لەوانە گۆڕانكارییە ئابورییەكان, گۆڕانی رێڕەوی سیاسەتە داراییەكان لە ئابورییە گەورەكان بە تایبەتی لە ئەمریكا و هەروەها ناسەقامگیری بازرگانی و جەنگی بازرگانی لە نێوان وڵاتان. بەڵام ئەگەر شۆكێكی گەورە لە بازاڕدا روو نەدات, ئاراستەی بازاڕ بۆ سەقامگیری لە نرخەكاندایە.
بە گشتی دەكرێ بڵێین ساڵی 2025, ساڵی جێگیر بوونی پێگەی ئەلەمنیۆم بوو وەك كانزایەكی ستراتیژی لە ئابوری جیهاندا. چاوەڕێش دەكرێت لانیكەم لە كورتمەودادا وەك بژاردەیەك باش ببێتە جێی سەرنجی چالاكانی پیشەسازی و وەبەرهێنەران.



