راوێژكاری دارایی سودانی: عیراق دەیەوێت پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە ئۆپیك زیاد بكات
لاوان
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، عیراق كار بۆ زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی لەناو وڵاتانی ئۆپیك دەكات بە بڕی نزیكەی 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوەش داهاتی نەوتی بە نزیكەی 10 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ عیراق دابین دەكات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عیراق كار بۆ ئەوە دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 150 بۆ 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەناو وڵاتانی ئۆپیك زیاد بكات، بەجۆرێك كە كار لە هاوسەنگی بازاڕی نێودەوڵەتی نەكات.
ئەوەشی خستەڕو، بەپێی نرخەكان لە بازاڕی جیهانی نەوت، زیادكردنی ئەو بڕە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە عیراق، داهاتی نەوتی بۆ وڵاتەكە زیاتر دەكات، بەجۆرێك كەمترینی چوار ملیار دۆلار بێت و زۆرترینیشی 10 ملیار دۆلار بێت لە ساڵێكدا، ئەو داهاتەش دەبێت هۆی كەمكردنەوەی كورتهێنانە داراییەكانی وڵات.
ئەو راوێژكارە دەشڵێت، زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق پەیوەستە بە رەزامەندی وڵاتانی ئۆپیك، بە دیاریكراوی وڵاتە زلهێزەكانی بەرهەمهێنەری نەوتە، بەڵام ئەستەم نییە و رەنگە مەرجدار بێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی دوایین رێككەوتنی هەشت وڵاتی ئەندامی ناو ئۆپیك پڵەس لەمانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بڕیارە پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە چارەكی سەرەتای ساڵی 2026 چوار ملیۆن و 273 هەزار بەرمیلی رۆژانە بێت



