دارایی هەرێم: سبەینێ 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد دەکەین
بڵند
٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی هەریم رایگەیاند، سبەینێ، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی 10 رادەستی بەغداد دەکەن، ئاماژەیان بەوەشکردوە پارەکە بە کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی بەغداد لە هەولێر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم، لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سبەینێ دوو شەممە، بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی 10 رادەستی بەغداد دەکەن.
دارایی هەرێم دەشڵێت؛ 120 ملیارەکە بە کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق.
پێشتریش کوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندی هەرێم، لقی سلێمانیەوە بڵاویکردبوەوە، سلێمانی 48 ملیار دیناریان لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی 10 رەوانەی هەولێر کردوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، موچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا موچەی مانگی 10 ئەمساڵیان وەرنەگرتوە، بەڵام لە عیراق حکومەتی ناوەندی دەستیکردوە بە دابەشکردنی کۆتا موچەی ئەمساڵ و ئەمڕۆ دەس بەدابەشکردنی موچەی مانگی 12 کرد.



