وەزارەتی بازرگانیی عیراق وردەکاریی مەرجە هونەرییە نوێیەکانی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و رێکخستنەوەی هاتووچۆ، رێگە بە هاتنە ناوەوەی چوار جۆر ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو نادرێت.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، حکومەت لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ دانانی مەرجی نوێی هونەری و ژینگەیی، بەپێی رێنماییە نوێیەکانیش هاوردەکردنی چوار جۆر ئۆتۆمبێل بە یەکجاری قەدەغە دەکرێت کە بریتین لەو ئۆتۆمبێلانەی توشی "روداوی سەخت، نقومبوون، ئاگرکەوتنەوە و تێکچوونی تەواوەتی" بوون.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم رێوشوێنانە رێگریکردنە لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خراپ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامەکانە تا لەگەڵ توانای رێگەوبانەکاندا بگونجێت.

سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، محەمەد حەنون وتی: "کۆتایی ساڵی 2025 وەک دوا وادە بۆ رێکخستنی مۆڵەتەکانی هاوردەکردن دیاریکراوە، بەڵام مەرجە هونەرییەکان بەپێی داواکاریی ژمارە 167، لە 1ی کانونی دووەمی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لە مۆدێلی 2025 بەرەو سەرەوە دەگرێتەوە."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئەوەی خستەڕوو، ئێستا دیراسەی پێشنیارێک دەکەن بۆ کاراکردنەوەی سیستمی "تەسقیٹ" (لەناوبردن) بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە کۆنانەی لەگەڵ مەرجەکاندا ناگونجێن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغیی شەقامەکان.