بانکی ناوەندی عیراق جەخت لە پشتیوانی بەرقەراریی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو کردەوە و رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی.

بانکی ناوەندی عیراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی 2025، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنراوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پاراستنی سەقامگیری ئاستی گشتی نرخەکان، بەجۆرێک کە رێژەی هەڵاوسان دابەزیوە بۆ ئاستێکی مێژوویی کە بە نزمترین ئاست دادەنرێت لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئەمەش بە پشتگیریی سیاسەتە داراییەکانی و رێوشوێنە لێکدراوەکانی سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە ئابوورییانەی کە ئێستا هەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ نیازێک نییە بۆ دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی سەرەکیی خۆی لە دڵنیابوون لە سەقامگیری نرخەکان، ئەو ئامانجەی کە بە سەرکەوتوویی لە ماوەی رابردوودا بەدیهاتووە.

بانکی ناوەندی ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ بە بەهێزکردنی ئاستی یەدەگی بیانی نموونەیی لە دراو و زێڕ، جەختیشی کردووەتەوە لە بەردەوامبوونی لە دابینکردنی هەموو داواکارییەکانی بانکەکان بۆ بەهێزکردنی دەرەکی بە دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی تری بیانی وەک یۆنی چینی، لیرەی تورکی، رووپیەی هیندی، درهەمی ئیماراتی، هەروەها بەردەوامبوونی یەکلاییکردنەوەی کارتە بانکییەکان و حەواڵە کەسییەکان لە رێگەی هەردوو کۆمپانیای منیگرام و وێستەرن یونیۆن، سەرەڕای فرۆشتنی دراوی کاغەز بۆ مەبەستی گەشتکردن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش ئاشکراوە،هەر لێدوانێک یان رایەکی دەرەکی پەیوەست بە گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عیراقی، بڕیاری بانکی ناوەندی نییە، و تەنها هەوڵدانێکە بۆ شێواندنی بازاڕ و وروژاندنی ململانێکان و کاریگەریی دانان لەسەر سەقامگیری ئابوری نیشتمانی.