وەزارەتی دارایی عیراق رەتیدەكاتەوە موچەی پۆلیس و سوپا كەمبكرێتەوە و دەڵێت، بەپێی ئەو میكانیزمەی دیاریكراوە دابەشكردنی موچە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لە كەمكردنەوەی موچەی كارمەندانی پۆلیس و سوپا دەكەن، یاخود راگرتنی موچەكانیان لە مانگی داهاتوودا، دوورن لە راستییەوە.

راشیگەیاندووە، تەیف سامی وەزیری دارایی هیچ لێدوانێكی لەوبارەیەوە نەداوە و ئەو هەواڵانەشی بڵاودەكرێنەوە بۆ دروستكردنی پشێوی و چەواشەكردنی رای گشتییە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی عیراق، موچە بەپێی یاسا و ئەو خشتانەی هەن دابەش دەكرێن و مافی خۆیانە بە دوای ئەو كەس و لایەنانەوە بن كە هەواڵ ناڕاست بڵاودەكەنەوە.