بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە لە وەزارەتی دارایی عیراق، کەمێک پێش ئێستا تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق، ئیمزای لەسەر نووسراوی رەسمی خەرجکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا نووسراوەکە لە نووسینگەی وەزیری داراییەوە ئاراستەی بەشی وردبینی کراوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان.

رونیشیکردەوە، دوای تەواوبوونی قۆناغی وردبینی، نووسراوەکە رەوانەی بەشی "پارەدان" (المدفوعات) دەکرێت و لەوێوە رێکارەکانی ناردنی پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستەرو، بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی رەسمی، "ئەگەری هەیە پرۆسەی تەمویلکردنی پارەکە بکەوێتە رۆژی دواتر."