حەیان عەبدولغەنی وردەکاریی رێککەوتنی نەوتی ئاشکرا کرد
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق، وردەکاریی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدادی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە خستەرو و رایگەیاند، "دوای 18 ساڵ، رێککەوتین لەسەر رادەستکردنی نەوتی هەرێم."
وەزیری نەوت جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە وەرگرتنی "سەرجەم نەوتی هەرێم" دەگرێتەوە و وتی: "پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەردەوام بێت لە رادەستکردنی نەوت و بەوەش موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت و مانگانە رەوانە دەکرێت."
عەبدولغەنی میکانیزمی رێککەوتنەکەی رون کردەوە و وتی: "لە پێشخابوور نەوتی هەرێم وەردەگرین و لەرێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت.
سەبارەت بە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، وەزیری نەوت ئاشکرای کرد کە بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار وەک کرێی بەرهەمهێنان دیاری کراوە و جەختی کردەوە کە "شێوازی پارەدان بە کۆمپانیاکان بە کاش نابێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا، حەیان عەبدولغەنی ئەوەشی خستەرو کە حکومەتی عیراق لە ئێستادا غاز هەناردەی دەرەوە ناکات.



