وتەبێژی حکومەتی هەرێم: وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەیە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی حەوت؛ هەناردەکردنی نەوت لە 48 سەعاتی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە و رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی موچە و نەوتی هەرێم رایگەیاند؛ وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەیە بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی حەوت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و هەر لەگەڵ گەیشتنی موچەی مانگی حەوت، دەست بە دابەشکردنی دەکەن." وتەبێژی حکومەت باسی لەوەش کرد کە "لیستی موچەی مانگی هەشتیش ئامادە کراوە و بەمزووانە رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق دەکرێت."

رێککەوتنی سێ مانگی لەگەڵ بەغداد و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت:

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: "ئامادەکاری کراوە بۆ دابەشکردنی موچە و رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا بۆ سێ مانگە."

سەبارەت بە پرسی نەوت، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەدا کە "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 234 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا" و جەختی لەوە کردەوە کە "لە 48 سەعاتی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە." ئەمەش هەواڵێکی گرنگە بۆ دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.