فەرمانگەی میدیا و زانیاری: ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان کۆدەبێتەوە
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بابەتی رێککەوتننامەی سێ لایەنەی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەخرێتە رو. ئەم بابەتە لەبەر رۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولادا تاوتوێ دەکرێت.
لەم بڕگەیەدا، باس لە هەوڵەکان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی وەستاوەی هەناردەکردنی نەوت کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دۆخی دارایی هەرێم هەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دواپێشهاتەکانی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی دەخرێتە ڕوو. ئەمەش یەکێکە لە کێشە داراییە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە پەیوەندی بە پشکی هەرێمەوە هەیە لە بودجەی گشتیی عێراقدا.



