"ئاوات جەناب نوری" وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی یاسای بودجەی ھەرێمی ئیمزا کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرا.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکانیی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساکە بدرێت و پەسەند بکرێت و پاشان ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەی ٨ ساڵە بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بکات.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان قەدەغەی ھاتوچۆی لە ڕۆژانی جەژنی رەمەزان ھەڵوەشاندەوە و لە ئێستادا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و ھاتوچۆ و لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامییەت ئامادەکاری دەکەن بۆ پاراستنی ژیان و ماڵی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و لە ناوچە سنورییەکانیش ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاک و خەڵک لە ئامادەباشیدان.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزار لیژنەیان ڕاسپێردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و چاودێری سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان.
ڕیاز عەبدولئەمیر حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لە ھیندستان گەڕاونەتەوە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە و بەمنزیکانە ئەنجامی پشکنینیەکان دەردەچێت، بەڵام لە ئێستادا ناتوانن دیاری بکەن کە ئایا ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون تووشبووی کۆرۆنای ھیندین یاخود جۆرەکانی تری کۆرۆنا.
ھۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئەو کاتەی کارەکان لە تاقیگەی پشکنین لە عێراق کۆتایی نەیەت ناتوانن پشکنین بۆ جۆرە نوێکانی کۆرۆنا بکەن، کۆتاییھاتنی کارەکانیش لەو تاقیگەیە لانیکەم دوو مانگی پێویست دەبێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بەوە دەدات کە نازانن ڤاکسینەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر کۆرۆنای ھیندی ھەیە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت بەکارھێنانی ڤاکسین باشترە لە بەکارنەھێنانی.
دەشڵێت تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا خۆیان کوتیوە، بۆیە پێویستە عێراقییەکانیش زیاتر بە دەم بەکارھێنانی ڤاکسینەوە بچن.
"یەحیا ڕەسوڵ" ڕایگەیاند، لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ئۆپراسیۆنی ئەمنیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
وتیشی ھەماھەنگیمان ھەیە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە و بەردەوام دەبن بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش.
سەبارەت بە ھێزە نێودەوڵەتییەکانیش کە لە خاکی عێراق جێگیرکراون، "یەحیا ڕەسوڵ" وتی لیژنەیان پێکھێناوە بۆ دیاریکردنی خشتەی زەمنی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و تا شەممەی ھەفتەی داھاتوو، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران کرایەوە، کە ١٨ی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت، بە پێی ئەو مەرجانەی کە ئەنجومەنی نوسینەوەی دەستووری ئێران دیاریکردووە، ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات، دەبێت تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت.
ھاوکات بەھۆی مەرجە یاساییەکان حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، مافی خۆکاندیدکردنەوەی نابێت، چونکە دوو خولی یەک لە دوای یەکە سەرۆکایەتی ئێران دەکات.
بەرێوەچوونی ئەم ھەڵبژاردنەی ئێران، ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانی نێوان وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ڤییەنا و ئەگەرێک بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ نێو ڕێککەوتننامەکە دروستبووە، بە تایبەت دوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆو بایدن.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە بۆنەی یادی ٥٩ ساڵەی دامەزراندنی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات کۆتایی بە لێبڕینی نایاسایی مووچە بھێنێت و ژمارەی بانکی بۆ سەرجەم مامۆستایان بکاتەوە و مووچەی ئەو مانگانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە کە نەدراون یان پاشەکەوت کراون.
ھەروەھا داواش دەکات خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژ کە لە ئێستادا بۆشایی دانەمەزراندنی مامۆستایانیان پڕکردووەتەوە لە بەرچاو بگیرێت و بە بەردەوامی کرێکانیان پێبدرێت و بە گرێبەست یان ھەمیشەیی دایان بمەزرێنن.
یەکێتی مامۆستایان داواش دەکات پلە و مووچە بەرزکردنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ڕاگیراوە، دەست پێبکاتەوە.
جەختیش دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ڕەشنووسی پارێزبەندی مامۆستایان کە سێ ساڵ زیاترە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
داواش دەکات لە یاسای چاکسازی دەست بۆ دەرماڵەی مامۆستایان بە گشتی و مامۆستایانی زانکۆ بە تایبەتی نەبرێت، ھاوکات لە یەکخستنی یاسای خانەنشینی دادپەروەری لەبەرچاو بگیرێت.
بە ئامانجی بتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانیان و ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەفدێکی ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پەیوەندییە کوردستانیەکانی یەکێتیان کرد و ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکە و دروستکردنی ھەماھەنگی و کۆدەنگی تەواو لە نێوان ھەردوولادا تاوتویکرا.
پاش کۆبوونەوەکەش لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: یەکێتی و گۆڕان بە گرنگیەوە لەو ڕێککەوتن و ھاوپەیمانیەتیە دەڕوانن کە لە نێوان ھەردوولادا بۆ ھەڵبژاردنی عێراق پێکھێنراوە و ئامانج لە ھاوپەیمانیەتیەکەش یەکخستنی ڕیزەکان و بەدیھێنانی ئاشتەوایی و سەقامگیری سیاسیە لە ھەرێمی کوردستان.

میدیاکانی ڕووسیا ڕایانگەیاند، ڕووداوێکی تەقەکردن لە خوێندنگەیەکی شاری "قازان" ڕوویداوە و بەھۆیەوە ٧ خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و ٢١ی تریش برینداربوون، ڕێکاری ئەمنیش لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی ئەو شارە گیراوەتەبەر.
بە پێی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیاش تەقەکەرێک دەستگیرکراوە و فڕۆکەی تایبەت دەنێرن بۆ گەیاندنی ھاوکاری بە بریندارەکان.
کۆشکی "کرملین"یش ڕایگەیاند، وەزیرانی تەندروستی و پەروەدەی ڕووسیا سەردانی ئەو شارە دەکەن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە دەبن.
"ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیاش سەرباری دەربڕینی ھاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان، جەختی کردەوە لە گرنگی توندکردنی ڕێکارەکانی بەکارھێنانی چەک.
شاری "قازان" دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ڕووسیا و یەکێکە لە گەورەترین شارە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە.
ڕێكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان لە یاداشتێكدا داوا لە میدیاكان دەكات لە ڕوانگەی بەرپرسیاریەتیەوە بڵاوكردنەوەی هەوڵەكانی خۆكوژی ژنان ڕاگرن لەبەرئەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە زیاتر بووەتە مایەی ترس و تۆقاندن و كاریگەری نەرێنی كردووەتە خێزان و كۆمەڵگە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٦٦٤ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٩ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ١١١٧ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.