محەمەد شەبەکی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای دیراسەکردنی لەلایەن ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، بڕی ئەو قەرزە ڕاگەیەنراوە کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١دا دیاریکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە چەند کوتەلەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران دژی بڕیارەکەن، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، عێراق لە ئێستادا پێویستی بەو جۆرە قەرزانە ھەیە.
پێشتریش، ھەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆی قەرزە دەرەکییەکان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارە، قەرزی ناوخۆییش لە ٥ ترلیۆن دینار تێناپەڕێت.
لەلایەکی ترەوە مازن فەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی ئاشکرایکردووە، عێراق تا ساڵی ٢٠٤٨ قەرز دەداتەوە و تا ئێستا ژمارەیەکی ورد بۆ قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق لەبەردەستدا نییە.
وتیشی، لیژنەی دارایی دژی قەرزکردن بووە، ئەگەر ھەنگاوی کرداری نەنرێت بۆ جێگرەوەی نەوت، وەک سەرچاوەی سەرەکیی داھات.
گاتع روکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی زانیارییەکان، لە ساڵی ١٩٩١ەوە سوپای تورکیا ١٩ بنکەی سەربازیی لەناو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و سوپای ئەو وڵاتەش بە قوڵایی ٢٥ کیلۆمەتر ھاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە، ئەمە جگە لە بۆردومانکردنی گوند و چەندین ناوچەی تر لە ھەرێمی کوردستان.
باسی لەوەشکرد، بڕیاری کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، سوپای تورکیاش دەگرێتەوە و پێویستە ئەم پرسە، لە داھاتوویەکی نزیکدا یەکلایی بکرێتەوە.
ھاوکات، بەدر زیادی ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند، پرسی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان پەیوەستە بە جددییەتی حکومەتی عێراق، داواشیکرد پێش کۆتایی ھاتنی تەمەنی ئەم حکومەتە، پڕۆسەی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان یەکلایی بکرێتەوە.
ڤایرۆسەکە لە ژمارەیەک لە شارەکانی تریش ھاوشێوەی تاران لە تەشەنەسەندنی بەردەوامدایە، لە جەژی ڕەمەزاندا گەشتکردن بۆ ئەو شارانە قەدەغە کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی خۆپارێزیی شارەوانیی تارانیش ڕایگەیاندووە، شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا تاران و چەندین شاری تریشی گرتووەتەوە. ئەو کاربەدەستەی تاران پێشبینیشی کردووە، ڕەوشەکە لە تاران تا مانگێکی تر بەردەوام بێت.
ناسر تورکی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵات و حوکمڕانی ئێستای عێراقدا بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی، بۆ ئەوەی مەرکەزییەت لە کاتی بڕیارداندا ھەبێت.
داواشیکرد گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بکرێت، بە مەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە دۆسێکانی گەندەڵیی تێوەگلاون.
ئەندامەکەی ھاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشکرد، نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیرکراوە و لە کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانیش بۆ پەسەندکردنی بودجە، نەتوانرا بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بکرێتەوە.
عەمید محەمەد عومەر لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات ڕۆژی ٢٩ نیسان بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد و دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەسوکار و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی ڕاپەڕین بە خاک سپێردرا.
ھەر لە مەراسیمەکەدا مستەفا چاوڕەش فەرماندەی ھێزەکانی ٧٠ وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، عەمید محەمەد فەرماندەیەکی بە توانای ھێزەکانی پێشمەرگە بوو کە تا کۆتاییەکانی تەمەنی بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی کوردستان و گەلی کورد.
"سەعدی ئەحمەد پیرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچونەوەی ھەرێم بۆ سەپاندنی سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەر چالاکوانانی بادینان ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومڕانییەکی دروست ھەیە، نابێت کەس بڕوای بە زیندان ھەبێت.
وتیشی، زیندان شوێنی ڕۆژنامەنوسان نییە، بەڵکو شوێنی گەندەڵ و پیاو کوژانە.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ڕۆژئاڤا، سوپای تورکیا گوندەکانی (شۆخانکێ و عاقیب و زیارەت)یان لە ناوچەی شێراوای سەر بە عەفرین تۆپباران کردووە، ھاوکات گوندی (سەموقا) و بەنداوی شەھبا لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپبارانکراون.
سوپای تورکیا لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨وە دەستی بەسەر عەفرین و دەوروبەریدا گرتووە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا، بەردەوامیش ناوچەکانی تۆپباران دەکات.
حکومەتی چین داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە کەمینەکان لە ھەرێمی (شینگ یانگ) لە چین نەکەن، کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاوە پێشنیار کراوە، چونکە کۆبوونەوەی لەو جۆرە، ھۆکاری سیاسی لە پشتە.
بڕیارە ڕۆژی چوار شەممەی داھاتوو، باڵیۆزانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکە تاوتوێ بکەن.
وڵاتانی خۆرئاوا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی (شینگ یانگ) بە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی کەمینەی (ئیگۆر) لە چەند سەربازگەیەکی تایبەت لە ھەرێمەکە، تۆمەتبار دەکەن.
(دیمتری بیسکۆف) وتەبێژی کۆشی کرملن ڕایگەیاند، حکومەتی مۆسکۆ تا ئێستاش سەرقاڵی دیراسەکردنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەیە لە نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ڕووسیا.
وتیشی، کرملن خوازیارە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەبێت.
لە ١٣ی مانگی نیسانی ڕابردوودا، (جۆو بایدن) سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدابوو.
بە وتەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ڕووسیا، بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا، کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان بایدن و پوتن بەڕێوەبچێت.
لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە درێژەی ھەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنینی خواردن و خواردنەوە لە دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دەستیان بەسەر بڕێک خواردن و خواردنەوەی خراپ و بەسەرچوودا گرت و پسوڵەی سەرپێچییان بۆ خاوەن شوێنەکان کرد، بەھۆی پابەند نەبوونیش بە مەرج و ڕێنماییە تەندروستیی و ڤێتێرنەرییەکان و دانانی خواردن و خواردنەوە لە شوێنی گەرم ١٢ شوێنیان داخست.
لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ھۆشداری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدەن و ھەر شوێنێک خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەرتیشکی خۆر دابنێت، دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەو شوێنانەی پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، جگە لە سزادان و داخستن، دادگاییش دەکرێن.
کاردانەوەکان سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان بەردەوامە و لە دوای کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا، باڵوێزخانەی کەنەداش لە عێراق نیگەرانی خۆی دەربڕی و لە بڵاوکراوەیەکدا لە ھەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ڕایگەیاند " کەنەدا زۆر نیگەرانە لە سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان لە ھەرێمی کوردستان".
باڵوێزخانەی کەنەدا ئاماژەی بەوەشداوە، "ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ بناغەی دیموکراسیە و ڕاگەیاندنکاران و بیروڕای جیاواز وەکو ئۆکسجین گرنگە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و ھۆشیار و گشتگیر".
(سروە عەلی) وتەبێژی لقی ھەولێری کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان لە ڕۆژی جیھانی تالاسیمیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ٩٦٣ تووشبووی تالاسیمیا لە سەنتەری تالاسیمیا لە شاری ھەولێر تۆمارکراون، لە ھەرێمی کوردستانیش ٣ ھەزار و ٥٠٠ تووشبوو تۆمارکراون.
وتیشی، تەنھا لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ھەولێر ٣٠ تووشبووی تالاسیمیا تۆمارکراون.
شەوانە تیرۆریستانی داعش لەسنوری داقوق پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان دەدەن و زیانیان پێدەگەیەنن، شەوی رابردوش ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سنوری چەمی ڕۆخانە لە قەزای داقوق ھەڵمەتێکی پشکنینیان ئەنجامداوە و چەند حەشارگەیەکی داعشیان لە سنورەکە ئاشکرا کردووە و تەقاندوویانەتەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٢٨١ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١١ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ١٠٨٨ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID١٩ ژمارە (٤٣٧)
١. پشکنین: (٤١٥٦ پشکنینی نوێ)
• (١٣٩٤) ھەولێر
• (٤٩٨) سلێمانی
• (٢٢٦٤) دھۆک
• (٠) ھەڵەبجە
• (٠) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
٢. تووشبوو: (٢٨١ تووشبووی نوێ)
• (١٨) ھەولێر
• (٥٣) سلێمانی
• (٢١٠) دھۆک
• (٠) ھەڵەبجە
• (٠) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
٣. چاکبوون: (١٠٨٨ چاکبوون)
• (٢٥٠) ھەولێر
• (٣٩٠) سلێمانی
• (٣٩٤) دھۆک
• (٥) ھەڵەبجە
• (٤٣) گەرمیان
• (٦) ڕاپەڕین
٤. مردن: (١١ مردن)
• (٣) ھەولێر
• (٢) سلێمانی
• (٦) دھۆک
• (٠) ھەڵەبجە
• (٠) گەرمیان
• (٠) ڕاپەڕین
ئاماری گشتی:
کەڕەنتین ھاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)
پشکنین ١٦٩٢٩٥٤ (٥٩٠٨١٨ ھەولێر، ٣٨٨٥١٦ سلێمانی، ٧٠١٣٠٦ دھۆک، ١٢٣١٤ ھەڵەبجە)
تووشبوون ١٥٥٩٤٩ (٤٩٨٢٣ ھەولێر، ٤٧٣٩٧ سلێمانی، ٥٥٢٣٠ دھۆک، ٣٤٩٩ ھەڵەبجە)
چاکبوون ١٣٥٥٥٩ (٤٢٦٩٨ ھەولێر، ٤٠٥٦٧ سلێمانی، ٤٩١٧١ دھۆک، ٣١٢٣ ھەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ١٦٢٩١ (٦٠٠٢ ھەولێر، ٤٩٥٢ سلێمانی، ٥١٠٦ دھۆک، ٢٣١ ھەڵەبجە)
مردن ٤٠٩٩ (١١٢٣ ھەولێر، ١٨٧٨ سلێمانی، ٩٥٣ دھۆک، ١٤٥ ھەڵەبجە)
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٨ی ئایار ٢٠٢١
(ئیرەج مەسجدی) باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، ڕایگەیاند، حکومەتی ئێران بەردەوام پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی تایبەت بە سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی کردووە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش تاران پێشوازی لە ھەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
وتیشی، حکومەتی عێراق ڕۆڵی بنیاتنەری بینیوە لە نزیکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان، لە ڕێی گفتوگۆوە.
باڵیۆزی ئێران لە بەغداد وتیشی، تاران بە بایەخەوە لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ھەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران، دەڕوانێت.
ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند، سەرجەم خەرجییەکانی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ بە ١٢٩ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و کورتھێنانیش لە یاساکە نزیکەی ٣٢ ترلیۆن دینارە.
وتیشی، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ بە ٤٥ دۆلار جێگیر کراوە، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەسەری کورتھێنانی بودجە دەکات و وەزارەتی داراییش دەتوانێت بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان دابین بکات، عێراق بە شێوەیەکی گشتی و بە ڕێژەی ٩٥٪ پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت.