لاھور شێخ جەنگی: بۆردومانی قەڵادزێ ھاوشێوەی ئەنفال و کیمیایبارانکردن بوو لە چوارچێوەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد
کوردسات نیوز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢١
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ٤٧ ساڵ لەمەوبەر شاری قەڵادزێی خۆڕاگر و زانکۆی سلێمانی لە لایەن فڕۆکە مەرگچێنەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی (ناپاڵم) بۆمباباران کران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و بێ دیفاعی قەڵادزێ و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو شەھید و برینداربوون، دواتر لە ھەشتەمین ساڵیادی بۆردوومانەکەشدا خۆپیشاندانێکی گەورەی جەماوەرییان ئەنجامدرا و لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتەکانی بەعسەوە بە گولـلە وەڵامدرانەوە و لە ئەنجامدا دوو ژنی قارەمان شەھیدبوون و دەیانی تریش برینداربوون و سەدان کەسیش زیندانی کران.
لاھور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٨٩ش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵکی قەڵادزێی دوو جار شەھید بە زۆرە ملێ ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگاکان لە ھەولێر و سلێمانی، دواتر بە پیلانی بەعس و بێبەزەییانە شارەکەیان کاول و وێران کرا و لەگەڵ زەویدا یەکسان کرا.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم تاوانە دڕندە و نامرۆڤانەیەی ڕژێمی لەناوچوو ھاوشێوەی تاوانەکانی تری ئەنفال و کیمیایبارانکردن بوو کە لە چوارچێوەی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی گەلی کورد ئەنجامیدا تەنھا لەبەر ئەوەی ناسنامەی کوردبوونیان ھەڵگرتبوو.
جەختیشیکردووەتەوە، یەکێتیی بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە قەڵادزێ و پشدەر و بتوێن، داواکارن حکومەتی عێراقیش قەرەبووی مادی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و زیانلێکەوتووان بکاتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمیش ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بەو ناوچەیە بکەن.