وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: 50 ملیۆن لیتر نەوتەکەی عیراق تەنها ٪18ـی پێداویستییەکانی هەرێم دابین دەکات
محەمەد رزگار
١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاشکرایکرد، سەرۆک وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم دەربڕیوە، کە بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەو بڕەی تەرخانکراوە تەنیا ٪18ـی پێداویستیی راستەقینەی هەرێم دابین دەکات، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن و 710 هەزار لیتر نەوت هەیە تا بتوانرێت بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راستەوخۆ دوای گەیشتنی بەشەنەوتەکە، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە و بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی فیدراڵ (250 دینار بۆ هەر لیترێک)، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵ دەبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق، بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەکە و زیادکردنی پشکەکە تا لەگەڵ پێداویستیی تەواوی خێزانەکانی هەرێمدا بگونجێت.


