سوپای ئێران: هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکا بە وەڵامێکی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوەمان دەبێت
محەمەد رزگار
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سوپای ئێران هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی واشنتۆن دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر جوڵەیەکی سەربازیی نوێی ئەمریکا بە وەڵامێکی دەستبەجێ و کەمەرشکێن وەڵام دەدرێتەوە کە سنورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبەزێنێت.
ئەمڕۆ، محەمەد ئەکرەمی، وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکا، جەختیشی کردەوە کە وەڵامی ئەمجارەی تاران زۆر فراوانتر و بەهێزتر دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەکانی رابردوو.
وتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە حاڵەتی هەڵگیرسانی هەر جەنگێکدا، جوگرافیا و بازنەی رووبەڕووبوونەوەکان تەنها لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکو لێکەوتە و کاردانەوەکانی تەواوی ناوچەکە و دەرەوەشی دەگرێتەوە.



