ئامادەکارییەکانی 12هەمین خولی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت.

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، زیاتر لە دوو مانگە کار و ئامادەکاریی بەردەوام بۆ رێکخستنی 12هەمین خولی فێستیڤاڵی هەنار دەکرێت و لە ئێستادا سەرجەم ئامادەکارییەکان لە قۆناغی کۆتاییدان، ئاماژەی بەوەشکرد کە رۆژی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بەپێی کەشوهەوای ناوچەکە دەستنیشان دەکرێت.

سەبارەت بە بەشداربووان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاشکرایکرد، لەم خولەدا 550 خاوەنکار، جوتیار و دروستکەری کاری دەستی بەشدارن و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان کراوە، بەشێکی تری کەپرەکان تایبەت دەبن بە خستنەڕووی خواردنە خۆماڵی و کەلەپوورییەکان.

فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت، گرنگی ئابوری، کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەیە، کە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بوژاندنەوەی بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکان و پشتگیریکردنی راستەوخۆی جوتیاران و خاوەن کارە بچوکەکان.