1ـی ئۆکتۆبەر لە جیهاندا وەك رۆژی جیهانی قاوە دەستنیشان كراوە و مێژووی ئەو دیاریكردنەش بە شێوەی رەسمی بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە و کوردستانیش بێ بەش نییە لە خواست لەسەر قاوە و مێژویەکی دورودرێژی لەگەڵ ئەو خواردنەوەدا هەیە.

ریکخراوی جیهانیی قاوە، لە ساڵی 2015 و لە ئیتاڵیا رۆژی یەکی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانیی قاوە دیاری کردوە لە جیهاندا.

قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی لە جیهاندا خواستێکی زۆری لەسەرە و بەهۆی گونجاوی کەشوهەواکەیەوە، بەڕازیل خاوەنی گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنانی ئەو خواردنەوەیەیە.

کوردستانیش بێبەش نییە لە خواستی خۆر لەسەر قاوە و بە گوێرەی زانیارییەکان، لە سەدەی 18 و 19 دا، لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوری کوردستان قەزوان کۆدەکرایەوە و دەکرا بە جۆرە خواردنەوەیەکی گەرم، کە سەرەتا تەنیا تایبەت بوو بە دانیشتوانی ناوچەکە، بەڵام دواتر پەرەیسەند وهەناردەی فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا کرا و بە قاوەی کوردی ناسرا.

ئەوەی قاوەی کوردی لە جۆرەکانی تری جیادەکاتەوە، ئەوەیە کافاینی تێدا نییە، لە رابردودا پێکهاتەی سەرەکیی ئەم خواردنەوەیە بریتی بوو لە قەزوان و فستق و چەند جۆرێک لە میوە، کە لە چیاکانی دەوروبەری ئامەد، مێردین، باتمان و سەمسوور کۆدەکرانەوە و دوای برژاندنیان، لەگەڵ شیر و شەکر تێکەڵدەکران و بەگەرمی پێشکەشدەکرا، بەڵام دواتر قاوەش بۆ پێکهاتەی ئەم خواردنەوەیە زیادکرا و لە ئێستاشدا، لە براندە نوێیەکاندا قاوە بەشێکە لە پێکهاتەکەی.