لە درێژەی بەدواداچوونە بەردەوامەکانیاندا بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگری لە ساغکردنەوەی خۆراکی خراپبوو، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر گۆشتی ناتەندروست و نەشیاو بۆ خواردندا گرت.

ئەمڕۆ لە ئەنجامی بەدواداچوونێکی ورددا، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە باخێکدا لە نزیک گەڕەکی سەرچنار دەستیان گرت بەسەر گۆشتی چەندین سەر ئاژەڵی نەخۆش و لاوازدا، کە بە شێوەیەکی نایاسایی و بەدەر لە مەرجە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان سەربڕدرابوون.

سەبارەت بە وردەکاریی روداوەکە، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "خاوەنی شوێنەکە بەنیاز بووە ئەو گۆشتە ناتەندروستە لەسەر رێگە سەرەکییەکان بە نرخی هەرزان ساغ بکاتەوە." جەختیشی لەوە کردەوە کە خواردنی ئەم جۆرە گۆشتانە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و بە هیچ جۆرێک شیاوی بەکارهێنانی مرۆیی نییە.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تەواوی گۆشتەکە دەستی بەسەردا گیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەسە سەرپێچیکارەکە کراوەتەوە تاوەکو رووبەڕووی سزای تووندی یاسایی بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، قائیمقامیەتی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان کرد بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و سەلامەتیی کۆمەڵگە، بەردەوام هاوکار و هەماهەنگی لیژنەکانیان بن و لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچییەکدا دەستبەجێ ئاگاداریان بپەڕێننەوە.