لە سەربازییەوە بۆ ئابوری؛ کشانەوەی ئەمریکا و بەردەوامیی هەژمونی بەسەر نەوتی عیراقدا
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق، واشنتۆن هەژمونی تەواوەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوتەکەی کە 90٪ بودجەی گشتی عیراق پێکدەهێنێت.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتا بنکەکانیان لە عیراق، واشنتۆن لە رێگەی بانکی یەدەکی فیدراڵییەکەی نیویۆرکەوە کۆنتڕۆڵی راستەوخۆ و کاریگەری لەسەر داھاتی نەوتی عیراق پاراستووە.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، کۆنتڕۆڵی داهاتی نەوتی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە سیستمێکە، لە ساڵی 2003وە بۆ پاراستنی دارایی عیراق لە داواکارییە یاساییەکانی سەردەمی سەدام حوسێن دامەزراوە، کە 90٪ی بودجەی گشتیی بەغداد پێکدەهێنێت.
ئەم سیستمە، بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ فشارخستنەسەر حکومەتی عیراق تاوەکو ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ ئێران و لایەنە سزادراوەکان رابگرێت.
لێپرسراوانی عیراقی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی ئەم رێککەوتنە هاوکارە لە بەرقەرارکردنی سەقامگیریی دراو، بەرزکردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابوریی وڵاتەکە و دابینکردنی ئاسانی دۆلار بۆ بازرگانیی دەرەکی.
توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی واشنتۆن لە سەرەتای ساڵی 2025ـوە، بەسەر گواستنەوەی دۆلاردا لە عیراق بووە هۆی راگرتنی سیستمی زیادکردنی دۆلار و ئەمەش بازاری رەشی لێکەوتوە، کە بوە هۆی جیاوازی لە نێوان بەهای رەسمی و بەهای ئازادی دۆلار لە بازاڕەکاندا.


