قوباد تاڵەبانی: ئەرکی ئێمەیە پشتگیریی بیرمەندان و رۆشنبیران و توێژەرانی بواری بیر و فەلسەفە بکەین
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە میانی سەردانێکیدا بۆ خورماڵ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەردانی نووسەر و لێکۆڵەری فەلسەفی و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر عیرفان مستەفای کرد و پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە
شارستانێتییەکان و وەرچەرخانە گەورە کۆمەڵایەتییەکان بە پرسیارە فەلسەفییەکان و گۆڕانکارییە فکری و رۆشنبیرییەکان دەستیان پێ کردووە. فەلسەفە و رۆشنبیری نەخشەڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی گەلانن.
خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە کوردستان کەسانێک هەن لە چەشنی دکتۆر عیرفان مستەفا ئەم بوارەیان فەرامۆش نەکردووە و خۆبەخشانە و بە پەرۆشەوە هەوڵی پەرەپێدانی بیری فەلسەفی لەناو گەنجانی وڵاتەکەماندا دەدەن. لە خورماڵ سەردانی بەڕێزیانم کرد و سەرسام بووم بە روئیا و پڕۆژە فکرییەکانی.
ئەرکی ئێمەیە پشتگیریی بیرمەندان و رۆشنبیران و توێژەرانی بواری بیر و فەلسەفە بکەین، چونکە ئەوان روونکەرەوەی رێی داهاتووی گەلەکەمانن.



