سوپای پاسداران دەستیگرت بەسەر ژێر دەریاییەکی ئەمریکی لە گەروی هورمز
سەوسەن سەید
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێرانی رایگەیاند کە دەستیان بەسەر ژێر دەریاییەکی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکادا گرتووە لە گەروی هورمز، هاوکات جەختیان کردەوە کە ناوچەکە بەڕووی هەر جووڵەیەکی رێگەپێنەدراودا داخراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران: لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی ئاڵۆز و رێکخراودا بە بەکارهێنانی سیستەمی زانیاری، هەواڵگری و جەنگی ئەلیکترۆنی، توانراوە رێگری لە ژێر دەریاییەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بگرێت کە بە مەبەستی سیخوڕی لە گەروی هورمزدا کاری دەکرد.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوووە کە ژێر دەریاییەکە لە جۆری (Remus 600)ی ژیر و پێشکەوتووە، لە ئێستاشدا لەلایەن شارەزایانی سەربازیی ئێرانەوە پشکنینی بۆ دەکرێت تاوەکو زانیارییە ناوخۆییەکانی دەرهێڵرێتەوە.
سوپای پاسداران هۆشداریشی داوە کە بە رووبەڕووبوونەوەی توند و بەردەوام وەڵامی هەر جووڵەیەکی مەترسیدار یان تێپەڕبوون لە رێڕەوە رێگەپێنەدراوەکانی گەروی هورمز دەدەنەوە.

