سیستەمی گەورەی سەرچاوە مرۆییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووەوە و بەهۆیەوە ژمارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زانیاریی کەسیی سەربازانی ئێستا و پێشوو دزەی پێکراوە، روداوەکە نیگەرانیی بەرفراوانی لە بواری دژەسیخوڕیدا لای شارەزایانی ئاسایشی نەتەوەیی دروستکردووە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە واشنتۆن لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆدایە لەگەڵ ئێران.

بەپێی نامەیەک کە ناوەندی زانیاریی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری (DMDC) بۆ کەسانی زیانلێکەوتووی هاکەکەی ناردووە: "بەکارهێنەرانی رێگەپێنەدراو" لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە توانیویانە دەستیان بگات بە سێرڤەرێکی لاوازی ناوەندەکە، بەڵام پنتاگۆن تەنها دوای نۆ مانگ و لە تەممووزی رابردوودا بە کێشەکەی زانیوە و چارەسەری کردووە، وەک تۆڕی "سی ئین ئین" بڵاویکردووەتەوە.

بەپیی تۆڕی "سی ئین ئین": ئەگەرچی ژمارەی دروستی تۆمارە درزپێکراوەکان نەزانراوە، بەڵام رۆژنامەی "میلیتاری تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە نزیکەی چوار ملیۆن ئەندامی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەر کەوتبن.

هەر بەپیی زانیارییە دزەپێکراوەکان: پنتاگۆن رایگەیاندووە تا ئێستا ئاماژەیەک نییە بۆ بەکارهێنانی خراپی زانیارییەکان، بەڵام یەکێک لەو زانیارییانەی هاککەرەکان دەستیان پێگەیشتووە "پسپۆڕیی وەزیفی"ی سەربازەکان بووە.

تۆڕی "سی ئین ئین" ئەوەشی روون کردەوە: بەستنەوەی "پسپۆڕیی وەزیفی" بە ئامار و ژمارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مەترسییەکی دووئەوەندە دروست دەکات، چونکە وێنەیەکی روونتر دەداتە رکابەرەکانی ئەمریکا دەربارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی ئەرکی تایبەت بۆ سوپای ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا جێبەجێ دەکەن.