مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی بی ئیس نیوز" رایگەیاند کە "کەشێکی بێمتمانەیی" لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ ئارەزوویەکی بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی نییە.

ئەم قسانەی پزیشکیان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا هات کە رۆژی هەینی لەگەڵ بەرنامەی "رووبەڕووبوونەوەی نەتەوە" لەو کەناڵە ئەنجامی دا، تێیدا پرسیاری لێکرا کە ئایا ئامادەیە ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت؛ کە ئەوە پێشنیازێک بوو لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە خرابووە ڕوو.

پزیشکیان وتی: ئێمە هەوڵی دروستکردنی هیچ چەکێکی ئەتۆمی نادەین و رێگە بە بازپشکنانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدەین بچنە ناو وڵاتەکەوە، هەروەها ئەنجامدانی دیداری راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ لە سایەی ئەو کەشە بێمتمانەییەی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە، کارێکی دژوارە

ناوبراو وتیشی: گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی حەرامە، جەختیشی کردەوە کە تەنانەت ئەگەر هەندێک کەس لە ئێران ئارەزووی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیش بکەن، ئەوا "لە رووی ئاینییەوە رێگەیان پێنادرێت بەرەو ئەو رێگەیە بڕۆن.