سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازێکی ئێران بۆ ئاگربەستی حەوت رۆژە رەتدەکاتەوە و جەخت لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان و فشارە ئابورییەکان بۆ سەر تاران دەکاتەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لەسەر زاری چەند لێپرسراوێکی واشنتۆنەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازێکی ئێرانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی حەوت رۆژ رەتکردووەتەوە، هاوکات یاریدەدەرەکانیشی ئاگادارکردووەتەوە کە پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بۆردومانەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ترەمپ لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا گومانی لەوە هەیە ئێران بتوانێت مەرجەکانی واشنتۆن جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا و ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن لە دانوستان، کە دۆسیەی ئەتۆمیش دەگرێتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی پەڕینەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەروی هورمز، لەپێویستی بەپەلەی گەیشتن بە رێککەوتنی کەمکردووەتەوە. هاوکات ئەمەریکا راستەوخۆ و لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە کە ترەمپ هیچ نیازێکی نییە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.

لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئەمەریکا پێیانوایە کە گوشارە ئابورییەکان سەرئەنجام تاران ناچار دەکەن رێککەوتنێک ئیمزا بکات، بەڵام هاوکات ئەوەش بەدوور نازانرێت بە بەردەوامی شەڕ و لەژێر کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول، هەڵوێستەکانی ترەمپ گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.