سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن د. عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت
١١ی ئابی ٢٠٢٦
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستایان کرد. جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هاوبەشەکاندا کردەوە.
سەرۆک بافڵ جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە وەک کاریگەرترین رێگا بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری، و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی ناوچەکە. دەستخۆشی لە وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێز عەباس عێراقچی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامە دیپلۆماسیی و بنیاتنەرەکانی لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان و سەقامگیرییەکی فراوانتردا.
هەروەها هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە مێژووییە ستراتیژییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد، و پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتی باش و سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە.
لە درێژەی گفتوگۆکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی سەرۆک بافڵی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.


