ترەمپ هۆکاری کەمیی موشەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمریکادا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، پێدانی 300 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە بە ئۆکراین زیانی گەورەی لە کۆگاکانی واشنتۆن داوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی "دەنگی ئەمریکا" دەربڕینی بێئومێدی و بێزاریی وڵاتەکەی لە شێوازی دانوستاندنی ئێران نیشاندا و تاران بە ناڕاستگۆیی و خۆدزینەوە لە دانوستانەکاندا تۆمەتبارکرد.
ترەمپ رایگەیاند: "ئێرانییەکان لە ناو ژووری کۆبوونەوەکاندا لەگەڵمان رێکدەکەون، بەڵام دواتر لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە ئەوەی لەسەری رێککەوتووین رەتیدەکەنەوە، ئەوان دانوستانکاری زۆر فێڵباز و خەڵکێکی زۆر بێوەفا و ناڕاستگۆن."
سەرۆکی ئەمریکا جەختیشیکردەوە: "ئەگەر هێرشمان نەکردایە سەر ئێران، ئەوا دەبوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، شەڕەکە پێویست بوو بۆ رێگرییکردن لە دەستگەیشتنی تاران بەو چەکە."
سەبارەت بە رەوشی ئابوری، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئابوری ئێران لە رەوشی ئاڵۆزی و پشێوییەکی گەورەدایە و رووبەڕووی فشاری ئابوری بێپێشینە بووەتەوە. وتیشی: "ئێمە کۆنتڕۆڵی تەواوی دارایی ئێرانمان کردووە، ئێرانییەکان موچەی سەربازەکانیان پێ نادرێت و رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە ٪300 و دراوەکەیان بەهای نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، نرخەکانی نەوت زۆر کەمترن بەراورد بە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، و جەختی کردەوە وڵاتەکەی بەدەست هیچ کەموکوڕییەک لە بڕی تەقەمەنی و موشەکەوە نانالێنێت و توانای ئەوەیان هەیە بە توندی لە ئێران بدەنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن گرت و رایگەیاند، کەمیی جۆرەکانی تەقەمەنی و موشەک لە کۆگاکانی ئەمریکادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بایدن بڕێکی یەکجار زۆر هاوکاری سەربازیی داوەتە ئۆکراین.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانی ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین بۆ وەرگرتنی موشەکی درێژمەودا و سیستمی بەرگریی "پاتریۆت" وتی: "ئێمەش پێویستمان بە موشەک هەیە، بایدن بە بەهای 300 ملیار دۆلار تەقەمەنی بە ئۆکراینبەخشیوە، ئەوەش بڕێکی یەکجار زۆر بوو و بووە هۆی دابەزینی ئاستی کۆگاکانمان".